دانپێدانانی عەجاج بڵاوکرایەوە
دادگای عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ "عەجاج نوگرەسەلمان" دەرکرد
دادگای عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبار "عەجاج ئەحمەد حەردان" ناسراو بە "عەجاجی نوگرەسەلمان" دەرکرد، کە ئەفسەری پێشووی ئەمنیی زیندانی نەقرەسەلمانی بەدناو بووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ئابی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، دوای بەدواداچوونێکی وردی هەواڵگری کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند، تۆمەتباری ناوبراویان دەستگیرکردووە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کەسوکارەکەی بە مەبەستی چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان، بۆ ماوەیەکی زۆر بانگەشەی مردنیان دەکرد. بەڵام لەڕێگەی شیکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەراوردکردنیان بە دانپێدانانەکانی پێشوو، شوێنی خۆحەشاردانی لە پارێزگای سەڵاحەدین دۆزرایەوە و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر و تۆمارکردنی وتەی قوربانییان و داواکارانی مافی کەسی، دەستگیرکرا.
لە کاتی دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوەدا، تۆمەتبار دانپێدانانی ڕاشکاوی لەسەر چەندین تاوان کردووە کە لە کاتی خزمەتکردنی لە زیندانی نوگرەسەلمان ئەنجامی دابوون؛ لەوانە: دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر یەکێک لە ژنە زیندانییە کوردەکان کە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا دەستگیرکرابوو، هەروەها برسییکردنی بەکۆمەڵی زیندانییان و بەشداریکردن لە پرۆسەکانی کوشتن و لەناوبردن کە لەو کاتەدا لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە جێبەجێ دەکرا. تۆمەتبار ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆی ماوەی خزمەتەکەی پێنج ساڵ بووە، کە سێ ساڵی لە زیندانی نوگرەسەلمان بەسەر بردووە، پێش ئەوەی بەهۆی کێشە و شەڕێکەوە خانەنشین بکرێت.
پشتبەستن بەم دانپێدانانانە و وتەی قوربانییان و بەڵگەکان، دادگای پەیوەندیدار بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکرد، وەک سزایەکی دادپەروەرانە بەرامبەر ئەو تاوانە دڕندانانەی دەرهەق بە پێکهاتەکانی گەلی عێراق ئەنجامی دابوون.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن
١٤ی ئایاری ٢٠٢٦