دەرکردنی عەرەب لە کوردستان

دەرکردنی عەرەب لە کوردستان

نوسینی/ سالار سەراوی 

ماوەیەکە هەڵمەتێکی رەگەزپەرستی و نەژادپەرستی ناشرین و دور لە بەها مرۆییەکان لە سۆشیال میدیای کوردییدا بەڕێوەدەبرێت، دژ بە عەرەبەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق کە بۆ ژیانکردن یان گەشت دێنە کوردستان، کە خودی خۆم پێموایە ئەم هەڵمەتە بە مەبەست و ئاراستەکراوە!

بەڕێزان؛ مرۆڤایەتی لە کاتی لەدایکبوونەوە بەسەر مرۆڤەکاندا دابەش کراوە، نەک بەسەر نەژاد و رەگەزەکاندا. منداڵێک کە لە سلێمانی لەدایک دەبێت، لە بەغدا، لە قاهیرە، لە ئەنقەرە یان لە پاریس، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتر نییە. هەموویان بە گریان دەست بە ژیان دەکەن، هەموویان پێویستیان بە خۆشەویستی و ئاسایش و ئارامی هەیە، هەموویان ئاوات و ترس و هیوایان هەیە. بەڵام دوای ساڵانێک، کۆمەڵگا فێریان دەکات کە ئەوەی جیاوازە لە تۆ، دەکرێت کەمتر بێت لە تۆ. لێرەوە یەکێک لە مەترسیدارترین هەڵەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەست پێدەکات.

نەژادپەرستی لە سەرەتاوە هەرگیز بە ناوی خراپ نایەت. زۆرجار بە ناوی پاراستنی ناسنامە، پاراستنی کلتوور، پاراستنی نەتەوە یان پاراستنی خاک و مافەکان دێت. بەڵام کاتێک ئەم پاراستنە دەگاتە ئەو ئاستەی کە مرۆڤێکی تر تەنها بەهۆی ئەوەی سەر بە رەگەز و نەژاد و گرووپێکی ترە بە چاوی گومان، ڕق یان سووکایەتی سەیر بکرێت، ئەوا لە پاراستنەوە گەیشتووینەتە رەگەزپەرستی.

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە نموونەی ئەوەی کە چۆن بیرکردنەوەی نەژادپەرستانە بووەتە هۆی کارەسات. زۆر جار خەڵکێک لەبەر ئەوەی بە زمانێکی تر قسەی کردووە، یان لە شوێنێکی تر نیشتەجێ بووە یان باوەڕێکی تریان هەبووە، مافی ژیانیان لێ زەوت کراوە و ستەمییان لێ کراوە. هەموو ئەو تاوانانە لە بیرۆکەیەکی سادەوە دەستیان پێکردووە: «ئێمە باشترینین و ئەوان کەمترن.»

بەڵام هیچ نەتەوەیەک بە تاوانباری لەدایک نابێت و هیچ نەتەوەیەکیش بە پیرۆز لەدایک نابێت. لە هەموو گەلێکدا باش و خراپ هەیە، دادپەروەر و ستەمکار هەیە، زانا و نەزان هەیە. کەسێک نابێت بە هەڵەی باو باپیرانی، حکومەتەکان یان تاکەکانی نەتەوەکەی حوکم بدرێت. دادپەروەری ئەوەیە کە مرۆڤ بە کردارەکانی خۆی بناسرێت، نەک بە ناسنامەیەک کە خۆی هەڵینەبژاردووە.

ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرتر لە هەر کاتێکی تر پێویستمان بە ئەم تێگەیشتنە هەیە، چونکە ئێمە ستەملێکراوترین نەتەوەین لەناوچەکە. زۆر گەل ئازاری مێژووییان چەشتووە، زۆر خەڵک قوربانی ستەم و داگیرکاری بوون. بەڵام ئازاری ڕابردوو نابێت ببێتە بیانوو بۆ ستەمکردن لە ئەوانی تر. ئەگەر قوربانییەک دوای ماوەیەک خۆی ببێتە ستەمکار، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان خۆی و ستەمکارە یەکەمەکەدا نامێنێت.!

کۆمەڵگەی کرانەوە و پێشکەوتوو ئەوە نییە کە هەموو خەڵکەکەی وەک یەک بیر بکەنەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانن لەگەڵ جیاوازییەکاندا بژین. هێزی مرۆڤایەتی لە جیاوازییەکاندایە، نەک لە یەکڕەنگی. جیهان جوانە چونکە تێیدا زمانە جیاوازەکان هەن، کلتوورە جیاوازەکان هەن، گەلە جیاوازەکان هەن. ئەگەر هەموو خەڵک وەک یەک بن، جیهان بوونی خۆی لەدەست دەدات.

ئەمڕۆ زۆر کەس بانگەشەی دژایەتی نەژادپەرستی دەکات، بەڵام لە کاتی پێویستدا هەمان هەڵسوکەوت بەرامبەر خەڵکی تر دووبارە دەکاتەوە. دژایەتی نەژادپەرستی تەنها ئەوە نییە کە داوای ماف بۆ خۆت بکەیت؛ بەڵکو ئەوەیە هەمان ماف بۆ ئەوانی ترش بەڕەوا بزانیت. یاسای دادپەروەری کاتێک مانای هەیە کە بۆ هەمووان بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی لە خۆمانن و لەگەڵمانن.

لە کۆتاییدا، مرۆڤ لە پێش هەر ناسنامەیەکی تر، مرۆڤە. پێش ئەوەی کورد، عەرەب، تورک، فارس، موسڵمان، مەسیحی یان هەر شتێکی تر بێت، مرۆڤە. کەرامەتی مرۆڤیش نابێت بە سنووری زمان و نەتەوە و ڕەنگی پێست پێوانە بکرێت. ئەگەر دەمانەوێت جیهانێکی باشتر بنیات بنێین، دەبێت لە دڵ و بیرمانەوە دەست پێ بکەین: نەخێر بۆ رەگەزپەرستی، نەخێر بۆ نەژادپەرستی، و بەڵێ بۆ پێکەوەژیان، بۆ مرۆڤایەتی، بۆ دادپەروەری و ڕێزگرتن لە هەموو مرۆڤێک.