مێردمنداڵێکی تەمەن 16ساڵان بەهۆی ئەشکەنجەی زۆری باوکیەوە گیانی لەدەستدا
شەوی رابردوو لە گەڕەکی کۆماری قەزای خورماتوو مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لەسەر دۆڕاندنی بڕێکی زۆر پارە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆکەوە لەلایەن باوک و خاڵییەوە لەژێر ئەشکەنجە و لێداندا گیانی لەدەستدا و پۆلیسیش هەردوو تۆمەتبارەکەی دەستگیرکرد.
هارون رەشید بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو رایگەیاند، مێردمنداڵەکە شوێنی ئەشکەنجە و لێدانی زۆر بە جەستەیەوە دیار بووە و لەگەڵ ئەوەشدا درەنگ گەیاندراوەتە نەخۆشخانە و لە کاتی گەیشتنیدا لە رێگادا گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی شوێنەواری توندی توندوتیژیی پێوە دیار بوو.
عەمید بەدر خەڵەف بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو رایگەیاند، دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و باوکی مێردمنداڵەکە کە تەمەنی 49 ساڵە لەگەڵ خاڵیدا دەستگیرکراون و پاش لێکۆڵینەوەی سەرەتایی هەردوو تۆمەتبار دانیان بەوەدا ناوە کە لەژێر ئەشکەنجە و لێدانی ئەواندا کوڕەکە گیانی لەدەستداوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
وتیشی، ئەم مێردمنداڵە ماوەی چەند رۆژێکە لە تیکتۆک لەلایەن چەند کەسێکەوە هەڵخەڵەتێنراوە و لە رێگەی لینکی یارییەکەوە سەرجەم پارەی ماڵەوەیان کە بڕەکەی “حەوت دەفتەر دۆلار” بووە و لە هەژماری بانکییەکەیاندا بووە دۆڕاندووە.