مەرج و وردەکارییەکانی مۆڵەتی ٥ ساڵەی فەرمانبەران
مەرج و وردەکارییەکانی مۆڵەتی ٥ ساڵەی فەرمانبەران
تایبەت / کۆدەنگ
ڕێنمایی و مەرجەکانی تایبەت بە یاسای منحکردنی مۆڵەتی درێژخایەنی (٥) ساڵی بۆ فەرمانبەران بڵاوکرایەوە و بەپێی یاساكە، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستدا دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم مۆڵەتە تەنیا ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لەسەر میلاکی هەمیشەیی (الملاك الدائم) جێگیرکراون (المثبتين) و خزمەتی وەزیفییان لە (٢) ساڵ کەمتر نەبێت.
لە بەرامبەردا، بڕگەی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست لە یاساکەدا هەڵوەشێنراوەتەوە و بە هیچ شێوەیەک ئەم مۆڵەتەیان نایانگرێتەوە.
شێوازی پێدانی مووچە و ماوەی مۆڵەتەکە:
٥ ساڵی یەکەم: فەرمانبەر بە مووچەی ئیسمی تەواو (راتب اسمي كامل) دەچێتە مۆڵەتەکەوە.
٥ ساڵی دووەم: ڕێگە بە نوێکردنەوەی دەدرێت بۆ ٥ ساڵی تر، بەڵام بە نیوەی مووچەی ئیسمی.
مۆڵەتی بێ مووچە: فەرمانبەر دەتوانێت مۆڵەتی ساڵێک بە بێ مووچەش وەربگرێت و زیاتر لە جارێک نوێی بکاتەوە.
مافی خانەنشینی و بڕوانامە:
ماوەی مۆڵەتەکە بۆ مەبەستی خانەنشینی (التقاعد) بە خزمەت هەژمار دەکرێت، بە مەرجێک فەرمانبەر بڕی لێبڕینی خانەنشینی (التوقيفات التقاعدية) بدات.
هیچ بڕوانامەیەک کە فەرمانبەر لە ماوەی وەرگرتنی ئەم مۆڵەتەدا بەدەستی بهێنێت، بۆ مەبەستی پلەبەرزکردنەوە و شوێنی وەزیفی هەژمار ناکرێت.
مەرجی جێبەجێکردن:
وەرگرتنی مۆڵەتەکە ڕاستەوخۆ نییە و پێویستی بە ڕەزامەندیی فەرمی وەزیر، پارێزگار یان ئەو کەسانە هەیە کە دەسەڵاتیان پێدراوە.
هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی و دەرچوونی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردن لەلایەن وەزیری داراییەوە، بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.