وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندنی خۆڕای ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەرفەتی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ قوتابییە باڵاپۆشەکانی ئازەربایجان دابین دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بڕیاری دا دەرفەتی خوێندنی بێبەرامبەر لە زانکۆکانی وڵاتدا بۆ ئەو قوتابییە باڵاپۆشانەی ئازەربایجان دابین بکات، کە بەهۆی ڕێوشوێنەکانی ئەو وڵاتەوە لە خوێندن بێبەش بوون.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، حەیدەر بەها حوسنی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە وەک هەڵوێستێکی مرۆیی و هاوسۆزییەک لەگەڵ ئەو کچانەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەهۆی باڵاپۆشییەوە لە چوونە ناوەندەکانی خوێندن لە ئازەربایجان قەدەغە کراون، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەرجەم زانکۆکانی عێراق وەستانێکی ناڕەزایی ساز دەکرێت.
وەزیری خوێندنی باڵا جەختیکردەوە، لەپێناو ڕێگریکردن لە پەککەوتنی پرۆسەی خوێندنی ئەو قوتابییانە، حکومەتی عێراق دەرگای زانکۆکانی بەڕوویاندا دەكاتەوە و بەشێوەی بێبەرامبەر دەرفەتیان پێدەدات بۆ ئەوەی بتوانن لە عێراق درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.