پارێزگاری کەرکوک و ئەردۆغان کۆبوونەوە
پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە
محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکەمانیی عێراقی و پارێزگاری کەرکووک، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا تاوتوێی دۆخی تورکەمانەکان و ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی ماف و شایستە سیاسییەکانیان کرا.
هاوکات ئەردۆغان پیرۆزبایی لە محەمەد سەمعان کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، و پاڵپشتی خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی دەربڕی.
هەروەها جەختی لەسەر پشتگیریکردنی شایستە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکەمان لە حکومەتی عێراق لە بەغدا کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، محەمەد سەمعان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان کرد بۆ بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی لە پرسی تورکەمانەکان و هاوکاریکردنی گەلی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە
ئاماژەی بەوەش کرد کە تورکەمانەکان هاوشانی یەکپارچەیی، سەروەری و سەقامگیریی عێراق دەوەستنەوە.
لەکۆتاییدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە کۆماری تورکیا لەگەڵ گەلی عێراقدایە و پشتگیری لە یەکپارچەیی، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکات، و جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ مافەکانی تورکەمانەکان وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی عێراق کردەوە.