۳۸ ئەفسەر و زیاتر لە ۳ هەزار کارمەند لەسەر گەندەڵی و هەڵهاتن لە خزمەت دەردەکرێن
وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 38 ئەفسەر و زیاتر لە 3 هەزار کارمەند لەسەر گەندەڵی و هەڵهاتن لە خزمەت دەردەکرێن
لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ڕێکاری توند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی دیسپلینی وەزیفی لەناو دامەزراوەی ئەمنیدا.
جەختیشی کردەوە کە هیچ کەسێک حەسەنەی نییە ئەگەر تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵی یان زڕاندنی ناوبانگی دامەزراوەکەدا بسەلمێندرێت.
میقداد میری ئاشکرای کرد: "لە ماوەی 100 ڕۆژی تەمەنی حکومەتی ئێستادا، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری حاسمیانەی داوە کە بووەتە هۆی دەرکردن و دوورخستنەوەی یەکجارەکی 38 ئەفسەر لە خزمەت، دوای ئەوەی تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی گەندەڵی ئیداری و دارایی بەبەڵگە سەلمێنراوە.
هەروەها 180 کارمەندی دیکەش بەپێی بڕیاری کۆتایی دادگا و لەسەر هەمان هۆکار لەسەر کارەکانیان لادراون."
ئاماژەی بەوەش دا کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدا بۆ چەسپاندنی یاسا و دیسپلین، 3,245 کارمەندی هەڵهاتوو لە خزمەت بە یەکجارەکی دەرکراون.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کرد کە ئەم ڕێکارانە دووپاتی دەکەنەوە وەزارەت بە جدییەت و توندییەوە مامەڵە لەگەڵ هەر حاڵەتێکی گەندەڵی یان کەمتەرخەمی لە ئەرکدا دەکات، و پرۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوە بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە کە پاراستنی دامەزراوەی ئەمنی لە گەندەڵی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی دەزگایەکی ئەمنی پیشەیی کە جێگەی بڕوای هاوڵاتییان بێت و هەیبەتی دەوڵەت بپارێزێت.