رێگەی کەرکوک بۆ سلێمانی نوێژەن دەکرێتەوە و فراوان دەکرێت

رێگەی کەرکوک بۆ سلێمانی نوێژەن دەکرێتەوە و فراوان دەکرێت
رێگەی کەرکوک بۆ سلێمانی

دوو پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن

بانکی نێودەوڵەتی پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی پەسەند کرد.

بۆردی بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن قۆناغی یەکەمی پێدانی قەرزی بۆ عێراق پەسەند کرد، لەو چوارچێوەیەدا دو پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لە هەردو پارێزگای سلێمانی و دهۆک لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن.

رۆژی ٢٠٢٦/٦/٤، بۆردی بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن-ی ئەمەریکا بەفەرمی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەی پەسند کرد، کە بریتییە لە پێدانی قەرز بەبڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بە عێراق، لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم، بەگوژمەی نزیکەی (٨٠) ملیۆن دۆلار لە قەرزەکەدا پەسەند کراوە.

پڕۆژەکان پێکهاتون لە یەکەم؛ پڕۆژەی (ئەپگرەید و فراوانکردنی رێگای سلێمانی-چەمچەماڵ-کەرکوک ، بەشی تاسڵوجە بۆ بانی مەقان) بەدرێژی (50)کم لەپارێزگای سلێمانی. دوەم؛ (ئەپگرەید و فراوانکردنی رێگای گرشین-سحێلا) بەدرێژی (22)کم لەگەڵ دروستکردنی یەکتربڕی گرشین لەپارێزگای دهۆک.

پەسەندکردنی ئەو دو پڕۆژەیە، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم و تیمی وەزارەت دێت، کە پاش چه‌ندین سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌ توانرا دو پڕۆژه‌ی گرنگ و ستراتیژی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی و لەسەر قەرزی بانکەکە بخرێتە بەرنامەی جێبەجێکردنەوە.