شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: زانیارییەکانی ئازادکردنی تیرۆریستان لە هەولێر و دهۆک و ناردنیان بۆ کەرکووک دوورن لە ڕاستییەوە
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق تەواوی ئەو هەواڵ و لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆری کەسانی تۆمەتبار بە تیرۆر لە زیندانەکانی هەولێر و دهۆک و گواستنەوەیان بۆ پارێزگای کەرکووک دەکەن، و ڕایدەگەیەنێت کە هیچ بەڵگەیەک بۆ دروستیی ئەو ئیدیعایانە نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: بەدواداوچوونیان بۆ ئەو لێدوانانە کردووە کە لەلایەن بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر زاری سیاسییەکەوە گوێزرابوونەوە، لەبارەی ئازادکردنی تۆمەتبارانی تیرۆر لە زیندانەکانی هەولێر و دهۆک و ناردنیان بەرەو کەرکووک.
شانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو لێدوانانە پشتیان بە هیچ زانیاری، بەیاننامە یان هەڵوێستێکی فەرمیی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی عێراق نەبەستووە و تاوەکو ئێستاش ڕاستیی ئەو ئیدیعایانە نەسەلمێنراوە.