فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، لیوا ڕوکن مەعەد بەدای: ​فەرمانی پێکهێنانی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە کەرکووک دەکات

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، لیوا ڕوکن مەعەد بەدای: ​فەرمانی پێکهێنانی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە کەرکووک دەکات
فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک؛مەعد بەدای

ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، لیوا ڕوکن مەعەد بەدای، دەربارەی چەند بڕیارێکی نوێی ئەمنی بڵاوکرایەوە کە تێیدا فەرمانی پێکهێنانی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە پارێزگاکەدا درا بە مەبەستی یەکخستنی زانیاری و دڵنیابوون لە وردییەکەی لە ڕێگەی نوێنەری ئەفسەرانی ڕاگەیاندنی سەرجەم پێکهاتە ئەمنییەکانەوە.

​لە تەوەرێکی تری بڕیارەکاندا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئاستبەرز کرد سەبارەت بە دۆسیەی هەڵاتنی تۆمەتباری کوشتنی خاوەن فڕنی سەموون بۆ دەرەوەی سنوری پارێزگای کەرکووک، هاوکات لیژنەیەکی تریشی راسپارد بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی تەقەکردن لە ماڵێک لە ناحیەی ئالتوون کۆپری و جەختیکردەوە کە لێپێچینەوەی توند لەگەڵ سەرجەم ئەفسەرە کەمتەرخەمەکاندا دەکرێت.

​لە کۆتایی ڕێنماییەکاندا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی ناتەواو یان ناڕاست کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان هەبێت لەلایەن هیچ دەزگایەکی ئەمنییەوە، و بڕیاردرا کە تەنها شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان تاکە سەرچاوە بێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان.