ئەندامە عەرەبەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بون بە یەک
کوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕاگەیەندرا و ڕاکان سەعید بە سەرۆک هەڵبژێردرا
کەرکوک – تایبەت
ئەندامانی پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە فەرمی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێیان لەناو ئەنجومەنەکەدا لەژێر ناوی "کوتلەی عەرەبی" ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی ئەندامانی پێکهاتەکە هات بە مەبەستی یەکخستنی کارەکان و هەماهەنگی سیاسی لە قۆناغی داهاتوودا.
لە کۆنووسی ڕێککەوتنەکەدا کە واژۆی ئەندامانی لەسەرە، هاتووە کە بە کۆدەنگی تەواوی ئامادەبووان، (ڕاکان سەعید عەلی) وەک سەرۆکی کوتلە نوێیەکە لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا دەستنیشان کراوە.
ئامانج لە دروستکردنی ئەم کوتلەیە، وەک لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژەی پێدراوە، کارکردنە بۆ یەکخستنی هەڵوێستە سیاسی و کارگێڕی و تەشریعییەکان کە پەیوەستن بە کاروباری پارێزگاکەوە. هەروەها جەخت کراوەتەوە لەسەر پاراستنی ماف و شایستەکانی پێکهاتەی عەرەبی لە سەرجەم جومگە کارگێڕی و ئەمنییەکاندا، بە شێوەیەک کە هاوسەنگییەکی دادپەروەرانە لە فەرمانگەکانی پارێزگای کەرکوکدا بەدی بهێنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم کوتلەیە دەبێتە چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لیست و پێکهاتەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی پارێزگا، بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کەرکوک.