جێگرەوەی نەشئەت شاهوێز دیاری کرا
گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی کەرکوک؛ نەشئەت شاهوێز دەبێتە فەرماندەی پۆلیس و جێگرەوەکەشی دیاری دەکرێت
کەرکوک ـ تایبەت
لە دوای ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئیدارییانەی لە پارێزگای کەرکوک هاتونەتە ئاراوە، بڕیارە گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی باڵای ئەمنی و ئیداری شارەکەدا بکرێت. بەپێی زانیارییەکان، بڕیار وایە پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بدرێتەوە بە کورد و نەشئەت شاهوێز بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە.
هاوکات لەگەڵ چوونە پێشی ڕێکارەکان بۆ دەستبەکاربوونی نەشئەت شاهوێز وەک فەرماندەی نوێی پۆلیس، لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە جەنگی عزەدین ببێتە جێگرەوەی ناوبراو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
ئەم ئاڵوگۆڕە لە چوارچێوەی پشکی لیستی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) دێت لە ئەنجومەنی پارێزگادا، کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی پۆستەکان و کاراکردنی ڕۆڵی کوردە لە کایە ئەمنی و کارگێڕییەکانی پارێزگاکەدا.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە وەرگرتنەوەی پۆستی فەرماندەی پۆلیس لەلایەن کوردەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیری زیاتری شارەکە و هاوسەنگی هێز لە کەرکوک.