پشتیوانی سەدر بۆ عەلی زەیدی پشتیوانیەکی ئاسایی نیە

پشتیوانی سەدر بۆ عەلی زەیدی پشتیوانیەکی ئاسایی نیە
موقتەدا سەدر

هاوپەیمانی عەزم: هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر عەلی زەیدی کۆتایی بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەهێنێت

​سەرکردەیەکی هاوپەیمانی عەزم ئاشکرای دەکات کە ڕەوتی سەدر لە ئامادەباشیی تەواودان، و هۆشیاری دەدات لەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە یەکجارەکی کۆتایی بە تەواوی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا دەهێنێت.

​ئاراس مەشهەدانی، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە پشتیوانییەکانی موقتەدا سەدر بۆ عەلی زەیدی تەنها پشتگیرییەکی مەعنەوی ئاسایی نییە، بەڵکو پاڵپشتییەکی جەماوەریی بەهێزە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەوتەکە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشهاتێکی لەناکاوی ناوخۆیی یان دەرەکی کە عەلی زەیدی بکاتە ئامانج، جەختیشی کردەوە بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت بەرژەوەندیی وڵاتانی تر بخرێتە سەرووی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقەوە.

​ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە پێشتر موقتەدا سەدر پشتیوانیی ڕەهای خۆی بۆ هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران ڕاگەیاندبوو کە لەلایەن عەلی زەیدی بەڕێوە دەبرێت.

 سەدر ئەو هەنگاوەی بە هەوڵێکی قارەمانانە بۆ چاکسازی ناودێر کرد و عەلی زەیدی بە "سەربازی دژەگەندەڵی" وەسف کرد، هەروەها بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەلامەتیی ژیانی سەرۆک وەزیرانی ڕاستەوخۆ خستە ئەستۆی گەندەڵکاران.