بە ئۆتۆمبێلی کاتی ڕەقەم کوردستانەوە مەیەنە کەرکوک

بە ئۆتۆمبێلی کاتی ڕەقەم کوردستانەوە مەیەنە کەرکوک
پۆدکاستی تایبەت لەگەڵ مەجید ئەحمەد

مازن غەریب: خاوەن ئۆتۆمبێلی ڕەقەمی کاتی کوردستان لە ئێستادا نەیەنە ناو شاری کەرکوک، هەوڵی چارەسەری کێشەکەش دەدرێت

لە پۆدکاستێکی تایبەتدا لەگەڵ مەجید ئەحمەد (Majeed Ahmad)، مازن غەریب رایگەیاند کە داوای لە هاوڵاتیانی خەڵکی کەرکوک کردووە، ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلی بە ڕەقەمی کاتیان کڕیوە، لە ئێستادا نەیەنە ناو شاری کەرکوک، چونکە دەکرێت لە کاتی چوونە ناو شاردا فەرقی گومرکیان لێ وەربگیرێت.  

مازن غەریب ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بابەتە کێشە و نیگەرانییەکی زۆری بۆ خاوەنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە دروست کردووە، بۆیە داوای کردووە تا کاتی ڕوونبوونەوەی زیاتر و گەیشتن بە چارەسەرێکی یاسایی، خاوەنانی ئۆتۆمبێلەکان ئاگاداری بن و لە چوونە ناو شاری کەرکوک خۆیان بپارێزن، تاکو ڕووبەڕووی داواکارییە دارایی و گومرکییەکان نەبنەوە.  

هەروەها،مازن غەریب ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە هەوڵ و گفتوگۆی پەیوەندیدار دەدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە، بە مەبەستی پاراستنی مافی هاوڵاتیان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بارودۆخەکە ئاسان بکات بۆ خاوەنانی ئۆتۆمبێلی ڕەقەمی کاتی کوردستان . بە وتەی ئەو، ئەم بابەتە بەردەوام لە ژێر چاودێری و هەوڵی چارەسەردایە، تاکو کێشەکە بە شێوەیەکی یاسایی و گونجاو کۆتایی پێبهێندرێت.  

مازن غەریب، کە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانج لەم ئاگادارکردنەوەیە پاراستنی هاوڵاتیانە لە هەر کێشە و زیانێکی دارایی، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵی چارەسەری ئەم پرسە لەلایەن پەیوەندیدارانەوە بەردەوامە.