مەترسیی کەمبوونەوەی کارەبا؛ بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە هەناردەی غازی کێڵگەی دانا ڕاگیرا
مەترسیی کەمبوونەوەی کارەبا؛ بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە هەناردەی غازی کێڵگەی دانا ڕاگیرا
بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، هەناردەکردنی غازی سروشتی لە کێڵگەی دانا لە هەرێمی کوردستانەوە بە تەواوی ڕاگیرا، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی دروست دەکات.
کەمبوونەوەی ١٤٠٠ مێگاوات لە کارەبای نیشتمانی
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە ئاگادارکردنەوەیەکی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە وەستانی دابینکردنی غاز لە کێڵگەی دانا، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ڕاگرتنەشدا، تۆڕی نیشتمانیی کارەبا نزیکەی ١٤٠٠ مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی لەدەست دەدات.
ڕاگەیاندنی پلانی فریاگوزاری لەلایەن وەزارەتەوە
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە لەناکاوە، وەزارەتی کارەبا دەستبەجێ دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی فریاگوزاریی تەکنیکی کردووە، ئەم پلانە لە ڕێگەی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بارگرانییەکان و کارپێکردنی سەرجەم یەکە بەرهەمهێنەرە بەردەستەکان دەبێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو کەمییەی لە بەرهەمهێناندا دروست دەبێت و پاراستنی سەقامگیریی تۆڕی کارەبا.
هەماهەنگیی بەردەوام و داواکارییەک لە هاووڵاتییان
بەرپرسانی وەزارەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پێوەندی و هەماهەنگی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کێشەکە چارەسەر بکرێت و یەکەکانی بەرهەمهێنان بە توانای ئاسایی خۆیان کار بکەنەوە.
هاوکات وەزارەتی کارەبا داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکات لەم ماوەیەدا تا دەتوانن دەست بە بەکارهێنانی وزەی کارەباوە بگرن (ترشید بکەن)، هەروەها بەڵێن دەدات کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە فەرمییەکانی خۆیەوە ڕای گشتی لە هەر پێشهات و مستەجداتێکی نوێ ئاگادار بکاتەوە.