پۆلیسی کەرکووک تۆمەتبارێکی تێوەگلاو لە دزینی ٤ دوکانی بازرگانی دەستگیر دەکات
لەسەر ڕێنمایی ڕاستەوخۆ و بەدواداچوونی وردی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک لایەنی پەیوەندیدار ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوام بۆ ڕاوەدووڕانی تاوانباران و پاراستنی سەروەت و سامانی هاوڵاتییان هێزە ئەمنییەکان توانیان تۆمەتبارێکی پسپۆڕ لە دزینی دوکانە بازرگانییەکان دەستگیربکەن کە ببووە هەڕەشە بۆ سەر موڵکی تایبەتی هاوڵاتییان لە ناوچەکەدا.
ئەم پرۆسەیە بەرهەمی ئەركێکی مەیدانی هاوبەش بوو کە بە لێهاتوویی و پیشەییبوونێکی بەرزەوە لە لایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕەحیم ئاوا بە سەرپەرشتی مقدم عەلی جەبار لازم و مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕەحیم ئاوا بە سەرپەرشتی عەقید فەرهاد مەحموود ئەحمەد جێبەجێ کرا کە تێیدا دوای گۆڕینەوەی زانیاری ورد و پلانێکی تۆکمە بۆسەیەکی توندوتۆڵ لە سنووری بەرپرسیارێتیاندا دانرا و توانرا تۆمەتبارەکە دەستبەسەر بکرێت.
لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانەوە تێوەگلانی ئەم تۆمەتبارە لە دزینی ٤ دوکانی بازرگانی لە ناوخۆی شارەکەدا سەلمێنرا و ناوبراو بە ڕوونی دانی بە تاوانەکانیدا نا و ئەو شێوازە تاوانکارییەی ئاشکرا کرد کە لە کردەوەکانی بڕینی دوکانەکاندا بەکاری دەهێنا لە ئێستاشدا وتەی تۆمەتبارەکە تۆمارکراوە و لە رووی دادوەرییەوە پەسەندکراوە و بەپێی أحکامی ماددەی ٤٤٣ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی دادگا تایبەتمەندەکان بکرێت و سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.