کەرکووک داوای هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنی خێرای سیستەمی حجزکردنی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکات

کەرکووک داوای هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنی خێرای سیستەمی حجزکردنی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکات
نوسراوی ئیدارەی کەرکوک
کەرکووک داوای هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنی خێرای سیستەمی حجزکردنی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکات

​ئیدارەی پارێزگای کەرکووک لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە کە ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی عێراقی کردووە داوای بەپەلە دەکات بۆ پێداچوونەوە بەو سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیەی کە بۆ بەبازاڕکردن و وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بۆ ئەم وەرزە پەیڕەو دەکرێت چونکە کێشەیەکی زۆر گەورە و بێهیوایی لە نێوان ڕیزەکانی جووتیارانی ناوچەکەدا دروستکردووە.

​لە ناوەرۆکی ئەم بەڵگەنامە فەرمییەدا هاتووە کە پشتبەستنی سیستەمەکە بە ژمارەی ئۆتۆمبێل و کارتی نیشتمانی شۆفێران لە جیاتی خودی جووتیارەکە وایکردووە کە چارەنووس و کاتی ڕادەستکردنی گەنم بکەوێتە دەست شۆفێری لۆرییەکان و ئەمەش کێبڕکێیەکی نادروستی دروستکردووە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کرێی گواستنەوە بۆ پێنج هێندە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو و ئەرکێکی دارایی زۆر قورسی خستووەتە سەر شانی جووتیاران. هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە سیستەمەکە ڕووبەڕووی خەلەلی تەکنیکی و حاڵەتی ساختەکاری بووەتەوە لە ڕێگەی گۆڕینی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن کەسانی سودمەندەوە و بەهۆی ئەوەش کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پرۆگرامەکە تەنها لە بەغدایە و لە دەسەڵاتی ستافی کەرکووکدا نییە ناتوانرێت کێشەکان لە کاتی خۆیدا چارەسەر بکرێن بەتایبەت کە ماوەی تەسویق کورتە و بڕێکی زۆر گەنم لە ناوەوە و دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی چاوەڕێی وەرگرتن دەکەن.

​لەسەر ئەم بنەمایە جێگری پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری هونەری بە ڕەزامەندی پارێزگاری کەرکووک داوا لە وەزیری بازرگانی دەکات کە یاخود سیستەمی ئەلیکترۆنی بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ شێوازە کۆنەکە کە پشتی بە پێشینەی دروێنە و پشکنینی مەیدانی دەبەست یاخود سیستەمەکە هەموار بکرێتەوە بە شێوەیەک کە ئەژمارەکە ڕاستەوخۆ بە ناوی جووتیار بێت و پشت بە فەرمانگەی کشتوکاڵی ببەستێت لەگەڵ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو حجزە ئەلیکترۆنییانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تۆمارکراون لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و ڕێگریکردن لە زیانی زیاتری جووتیارانی پارێزگاکە.