ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای کەرکوکەوە

ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای کەرکوکەوە
بەرێوەبەری هاتوچۆی کەرکوک

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەیەوێت ڕوونکردنەوەیەک بدات سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییەی کە لە یەکێک لە لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی گەورە (بارھەڵگر) دەردەکەوێت لە کاتی چوونە ناو یەکەم پێچ (ئیستدارە)ی نزیک پردی جیمەن و بەسەر ستوونە نەرمەکانی هاتووچۆدا دەڕوات، بەو بانگەشەیەی کە گوایە لەلایەن کارمەندی هاتووچۆوە بەبێ هۆکار لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، هەروەها بانگەشەی بوونی کێشە (کەمکوڕی) لە پردی جیمەن دەکات کە بووەتە هۆی داخستنی.

​لێرەوە ڕوونیدەکەینەوە کە هیچ کێشەیەک لە پردی ناوبراودا نییە، و گۆڕینی ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلە گەورەکان ڕێکارێکی کاتی بووە بەهۆی دزەکردنی نەوت لە یەکێک لە بۆرییەکانی نزیک پردەکە، ئەمەش وایکردووە کە ڕێگری لە سەرکەوتنی ئۆتۆمبێلە گەورەکان بکرێت بۆ سەر پردەکە تا ئەو کاتەی لەلایەن تیمە هونەرییە تایبەتمەندەکانەوە چارەسەری بارودۆخەکە دەکرێت، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە ڕوودانی ڕووداوی هاتووچۆ بەهۆی دزەکردنی ماددە نەوتییەکە لەسەر ڕێگاکە.

​هەروەها جەخت دەکەینەوە کە پیاوانی هاتووچۆ کە لە شوێنەکەدا ئامادەبوون، ڕێنماییان داوە بە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە گەورەکان کە دووەم پێچ (ئیستدارە) بەکاربهێنن کە بۆ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە تەرخانکراوە، چونکە فراوانتر و گونجاوترە، بەڵام شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت پابەندی ڕێنماییەکانی پیاوانی هاتووچۆ نەبووە و چووەتە ناو یەکەم پێچەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ستوونەکانی هاتووچۆ و شێواندنی جوڵەی هاتووچۆ، سەرەڕای وەستانی ئۆتۆمبێلە گەورەکانی تری لە دوای خۆی بەو پێیەی پێیان وابووە دەکرێت ئەو پێچە بەکاربهێنرێت، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی قەرەباڵغی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا.

​داوا لەو لاپەڕەیەش دەکەین کە ئەم گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکردووەتەوە، وردبێت لە گواستنەوەی زانیارییەکان و لە سەرچاوە فەرمییەکانی خۆیەوە وەریبگرێت پێش بڵاوکردنەوەی. جەختیش دەکەینەوە کە سەرجەم ئەو ڕێکارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای کەرکوکەوە دەگیرێنەبەر، ئامانجیان پاراستنی هاوڵاتیان، ڕێکخستنی جوڵەی هاتووچۆ و دڵنیابوونەوە لە ڕەوتی ئاسایی هاتووچۆ و سەلامەتی هەمووانە. بە توندی و بە شێوەیەکی بڕاوە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە دەڵێن پیاوانی هاتووچۆ شۆفێرانیان ناچار کردووە بچنە ناو پێچەکەوە و پاشان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردوون، چونکە ئەوەی ڕوویداوە دەرەنجامی پابەند نەبوونی شۆفێرەکە بووە بە ڕێنماییەکانی پیاوانی هاتووچۆ.