بنکەی ئاگرکوژێنەوە بۆ ناحیەی قەرەهەنجیر دابین کرا
بەمەبەستی ئامادەکاری و خۆپارێزی لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە، بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی قەرەهەنجیر جێگیرکردنی ستافێکی بەرگریی شارستانی لە سنووری ناحیەکە ڕاگەیاند.
ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: «پاش ١٤ ڕۆژ لە دەستبەکاربوونمان وەک بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاڤێستا شێخ محەمەد، قائیمقامی ناوەندی کەرکووک و ئیدارەی پارێزگای کەرکووک، توانیمان ستافێکی بەرگریی شارستانی لە ناحیەکە جێگیر بکەین».
راشیگەیاند کە ئەم هەنگاوە لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیاندایە لە هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوە، هیوای خواست سەر و ماڵی هەمووان پارێزراو بێت و ناوچەکە دوور بێت لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستییەکی زۆری بە بوونی تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی هەیە، بەتایبەت لەم وەرزەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی خێراو ڕێگری لە تەشەنەسەندنی هەر ئاگرکەوتنەوەیەک.