عێراق و هەرێم بەرەو یەکخستنی گومرگ؛ بازگە ناوخۆییەکان لادەبرێن

عێراق و هەرێم بەرەو یەکخستنی گومرگ؛ بازگە ناوخۆییەکان لادەبرێن
دەروازەی سنوری هەرێمی کوردستان

حکومەتی عێراق پلانێکی نوێ بۆ یەکخستنی تەواوی ڕێکارە گومرگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت. بەپێی پلانەکە، لەگەڵ جێبەجێکردنی یەکخستنی پێناسەکان، سەرجەم بازگەکانی نێوان هەردوولا هەڵدەوەشێنرێنەوە.

​عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دێڵفی ئاشکرای کرد کە لەم دواییانەدا لێکگەیشتنی زۆر باش لە نێوان بەغداد و هەولێر هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەت لەسەر پرسی ڕێکخستنی پێناسی گومرگی و یەکخستنی پشکنینی پێشوەختەی ئەو کاڵایانەی دێنە ناو وڵاتەوە.

​بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لادەبرێن

​وائیلی بوونی بازگەی گومرگی لە نێوان شارەکانی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقی بە "کارێکی نامۆ" وەسف کرد و ڕایگەیاند، دەستەکەیان بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ هەموو دەروازەکاندا دەکات و لای ئەوان دەروازەکانی هەرێم، ناوەڕاست و باشوور وەک یەکن، بۆیە لەگەڵ یەکخستنەوەی ڕێکارەکاندا چیتر پێویستییەک بە مانەوەی ئەو بازگانە نامێنێت و بەتەواوی لادەبرێن.

​تیشک خستنە سەر (ڕێگەی گەشەپێدان) و داهاتی نانەوتی

​سەرۆکی دەستەی دەروازەکان ئاماژەی بە دیدگای ئابووریی حکومەتی ئێستای عێراق کرد کە کار بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی، لەپاڵ سەرخستنی پڕۆژەی ستراتیژیی (ڕێگەی گەشەپێدان). بۆ ئەم مەبەستەش کۆنترۆڵکردنی توندی سنوورەکان لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی سنوور، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەروازەکانەوە بە پێویست دەزانێت. وائیلی جەختی لەوەش کردەوە کە دەروازە سنوورییەکان دەبێت ببنە پردی لێکنزیکبوونەوەی هەردوو حکومەت، نەک هۆکاری لێکدوورکەوتنەوە.

​کاراکردنی دەروازە نوێیەکان و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم

​بەهۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکەوە، عێراق ناچار بووە دەروازەکانی سەفوان، عەرعەر و قائیم بۆ هاوردەکردنی باری پێویست کارا بکات، هاوکات دەروازەکانی ڕەبیعە و وەلیدیشی لەگەڵ سووریا بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوتی خاو کردووەتەوە.

​لە کۆتاییدا، عومەر وائیلی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەمەبستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان، و لە ئێستاشدا کار بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کەرەستەی بیناسازی لە نێوان هەردوولادا دەکرێت.