کەرکوک.. کەشناسێک سەبارەت بە خۆڵبارین هۆشداریدەدات
کەشوهەوای گشتیی کەرکوک چۆن دەبێت؟
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوبەرایەتیی کەشناسیی عێراق، کەشوهەوای ئەمڕۆی پارێزگای کەرکوک سەقامگیر دەبێت و ئاسمان لە ساماڵەوە بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوەڕاستی ڕۆژدا کەمێک بەرزبوونەوە لە پلەکانی گەرمادا بەخۆوە دەبینێت و هیچ ئەگەرێکی بارانبارین لە ئارادا نییە.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو
بەرزترین پلەی گەرما لە ڕۆژدا دەگاتە ٣٤ پلەی سیلیزی. لە شەویشدا پلەکانی گەرما بۆ ٢٠ پلەی سیلیزی دادەبەزن و بەهۆی بوونی بارستە هەوایەکی فێنکەوە کەشێکی تەواو فێنک دروست دەبێت.
هۆشداری لە شەپۆلێکی خۆڵبارین
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمشەو شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوودەکاتە بەشێکی ناوچەکان و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پارێزگای کەرکوکیش دەبێت.