ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستبەسەر ٣٠٠ محاویلەی کارەبای قاچاخ لە بەغدا دەگرێت

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستبەسەر ٣٠٠ محاویلەی کارەبای قاچاخ لە بەغدا دەگرێت
ئاسایشی نیشتمانی عێراق

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند مەفرەزەکانیان لە بەغدا توانیویانە دەست بەسەر بارێکی گەورەی قاچاخدا بگرن، کە پێکهاتبوو لە ٣٠٠ محاویلەی کارەبایی، و هاوکات دوو تۆمەتباریشیان لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیرکردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەزگاکە کە ئەمرۆ، ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، پرۆسەکە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری و دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی مەیدانیی بەردەوام هاتووەتە بەرهەم؛ بەجۆرێک توانراوە شوێنی حەشارگەی ئەو کەلوپەلانە لەناو گەراجێکی پایتەختدا دەستنیشان بکرێت.

​لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "مەفرەزەکانمان توانیویانە تەواوی بارە قاچاخەکە دەستبەسەردا بگرن و دوو تۆمەتباریش لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر بکەن." ئاماژە بەوەش کراوە کە ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر تۆمەتباران گیراوەتەبەر.

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی لەسەر بەردەوامی هێزەکانیان کردووەتەوە لە پشکنین و بەدواداچوونی مەیدانی بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە زیان بە ئابووری نیشتمانیی و سامانی گشتی وڵات بگەیەنێت.