بۆ دەرچووانی ناوەندی؛ وەزارەتی ناوخۆ خولێکی نوێی بۆ پەیمانگای کۆمیسەرانی پۆلیس ڕاگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی خۆبەخشی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای پێشکەشکردن بۆ خولی سیانزەهەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کۆمیسەرانی پۆلیس (تەنها بۆ ڕەگەزی نێر) دەکرێتەوە. پێشکەشکردنەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتەوە دەبێت و دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت بچنە ناو ڕیزەکانی هێزەکانی ناوخۆوە.
پڕۆسەی پێشکەشکردنەکە لە ڕێکەوتی ٢١ی ٧ی ٢٠٢٦ دەستپێدەکات و تاوەکو ٢٧ی ٧ی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. ئەم خولە تایبەتە بە دەرچووانی خوێندنی ناوەندی بۆ ساڵانی خوێندنی نێوان ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٦ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو کارمەندانەی وەزارەتی ناوخۆ کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن دەتوانن بە شێوازی فەرمی پێشکەش بکەن.
سەبارەت بە مەرجە سەرەکییەکان، پێویستە پێشکەشکار تەمەنی لەنێوان ١٦ بۆ ٢١ ساڵ بێت بۆ مەدەنییەکان و تاوەکو ٢٣ ساڵ بۆ کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هەروەها کۆنمرەی لە %٦٥ کەمتر نەبێت بەدەر لە منداڵانی ئەفسەر و کارمەندان. لە لایەکی ترەوە، دەبێت باڵای پێشکەشکار لە ١٦٠ سم و دەوری سنگی لە ٧٠ سم کەمتر نەبێت و پشکنینە پزیشکی و لێهاتووییەکان بە سەرکەوتوویی ببڕێت، لەگەڵ بەڵێندانی فەرمی بۆ خزمەتکردن بۆ ماوەی شەش ساڵ دوای دەرچوونی لە پەیمانگاکە. ئارەزوومەندان دەتوانن لە کاتی دیاریکراودا لە ڕێگەی لینکی فەرمی (Moi.gov.iq) فۆرمی ئەلیکترۆنی پێشکەشکردن پڕ بکەنەوە.