تەرمی یەکێک لە ونبوەکانی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە
سۆران؛ ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی مینا عیسای تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە دۆزرایەوە.
دوای چەند ڕۆژێک لە گەڕان و بەدواداچوونی بەردەوام، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند، کە تیمەکانیان توانییان تەرمی کچێک بەناوی (مینا عیسا) لە ڕووباری گەلی عەلی بەگ بدۆزنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرگری شارستانی سۆران، مینا عیسا کە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ڕووبارەکەدا خنکابوو. دوای دۆزینەوەی، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سۆران کراوە بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
جێی ئاماژەیە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەشتوگوزار، بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان یان شارەزانەبوون لە مەلەکردن، چەندین هاووڵاتی لە ڕووبارەکانی ناوچەکەدا دەبنە قوربانی، بەرگری شارستانیش هەمیشە هۆشداری دەداتە گەشتیاران کە لەو شوێنانە نزیک نەبنەوە کە بۆ مەلەکردن گونجاو نین.