دەست بەسەر دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا گیرا
دەستەی دەستپاکی و دژەتیرۆر هەڵدەکوتنە سەر کۆمەڵگەیەک لە بەغدا و دەست بەسەر دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا دەگرن
میدیا عێراقییەکان - بەغدا
لەمەیدانی ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵیدا، هێزێکی هاوبەشی دەستەی دەستپاکی و دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی کوتوپڕیان لە پایتەخت ئەنجامدا و دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و گرانبەهادا گرت.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێزە هاوبەشەکە هەڵیانکوتاوەتە سەر گەراجەکانی نێو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی "بوابة العراق" لە بەغدا، کە گومان دەکرێت ئەو شوێنە بۆ حەشاردا و سپیکردنەوەی ئەو موڵکانە بەکارهاتبێت کە لە ڕێگەی نایاساییەوە پەیدا کراون.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەستبەجێ دەست بەسەر ئەم ئۆتۆمبێلانەدا گیراوە:
٤٠ ئۆتۆمبێل لە جۆری نیسان پاترۆڵ (Nissan Patrol)
١٣ ئۆتۆمبێل لە جۆری لێکسز (Lexus)
٧ ئۆتۆمبێل لە جۆری مێرسیدس جی-کڵاس (G-Class)
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: "ئەم هەڵمەتە بە بڕیاری ڕاستەوخۆی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی ئەنجامدراوە. سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو و دەستبەسەرداگرتنیان تا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبێت."
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دەستەی دەستپاکی عێراق لەم دواییانەدا هەڵمەتەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سەر ئەو وەبەرهێنەر و بەرپرسانەی کە تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی سامانی گشتی و سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و کڕینی کەلوپەلی گرانبەهاوە.