سەرایا سەلام چەکی رادەست کرد
پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەچێتە قۆناغێکی کردەیی و هێزەکانی سەرایا سەلام وەک یەکەم لایەنی چەکدار، دەستبەرداری باڵە سەربازییەکەیان دەبن و دەچنە پاڵ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق.
ئەمڕۆ 4ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی سەرایا سەلام لە بارەگای سەرەکی خۆیان لە شاری سامەرا دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەتی عێراق. ئەم هێزە کە خاوەنی 3 لیوایە لە ناو پێکهاتەی حەشدی شەعبیدا، وەک یەکەم گرووپی چەکدار بە دەم داواکارییەکەی حکومەتەوە دەچێت بۆ داماڵینی چەک.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە 26ـی مانگی ڕابردوو، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بڕیاری جیاکردنەوەی باڵی سەربازی لە ڕەوتەکەی ڕاگەیاند. سەدر مۆڵەتی یەک هەفتەی دایە سەرایا سەلام بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ڕەوتەکە جیا ببنەوە و چەکەکانیان ڕادەست بکەن و بچنە پاڵ ڕیزەکانی هێزە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق.
گرووپی سەرایا سەلام لە 11ـی حوزەیرانی 2014، تەنیا یەک ڕۆژ دوای کۆنترۆڵکردنی ڕووبەرێکی فراوانی عێراق لەلایەن داعشەوە دروستکرا. ئەرکی سەرەکی ئەم گرووپە پاراستنی مەزارگە ئایینییەکان بوو، بەڵام ئێستا و دوای 12 ساڵ لە کارکردن، بە بڕیارێکی سەدر ئەم هێزە هەڵدەوەشێتەوە و تێکەڵ بە دامەزراوە سەربازییەکانی دەوڵەت دەکرێت.