ئێران راستی نەکرد لەگەڵمان

ئێران راستی نەکرد لەگەڵمان
حەیدەر عەبودی؛وتەبێژی حکومەتی عێراق

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق وردەکاری گفتوگۆکانی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرا کرد، سەبارەت بە تێپەڕاندنی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزو راگەیاند، لایەنی ئێرانی بەڵێنی داوە و رێنمایی لە ئاستی باڵادا دەرکردووە بۆ بەخشینی ئەو كەشتیانەی نەوتی عێراقی دەگوازێتەوە لە كۆت و بەندەكانی پەڕینەوە. 

عەبودی، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆیندا، وتى، بەڵام واقیع سەلماندی ئەم لێخۆشبوونە كاری پێناكرێت، چونکە تاران دەستی گرتووە بە گەرووی هورمزەوە وەك دیارترین كارتی هێزی لە روبەڕووبونەوەی ئێستادا.

عەبودی ئاماژەی بەوەشكرد، لە کاتی کۆبوونەوەکەماندا لە پەراوێزی دانیشتنەکەدا، گوێم لەسەرۆك کۆماری ئێران بوو وتی، نەوتی عێراق لە پەڕینەوە لە ڕێگەی هورمزەوە بەخشراوە و رێنمایی ئاست بەرز هەیە بۆ پێدانی لێخۆشبوون بە نەوتی عێراق بۆ تێپەڕینی بە گەرووی هورمزدا.

بەڵام لە راستیدا کاتێک تانکەرەکان رۆشتن، هیچ لێخۆشبونێك لە ئارادانەبوو، کاتێک باسمان لە بابەتەکە کرد، ئەوە روون بووەوە کە گەرووەکە خاڵی سەرەکی هێزی لایەنی ئێرانییە لەم ململانێیەداو لە هیچ بارودۆخێکدا قوربانی پێنادات.